بافڵ تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی رووسیا: ناکرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێکی خراپ ببرێت
کوردسات نیوز
١٢ی ئایاری ٢٠٢٢
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و باڵیۆزی ڕووسیادا ھاتووە " بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی لە عێراق دروستبووە راگەیاند و وتی، لەسەرەتاوە یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و تەوافوقی سیاسیی بووە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی دۆخی ئەمڕۆی عێراق بەجۆرێکە کە نابێت ھیچ ھێز و لایەنێک پەراوێز بخرێن.
ڕاشیگەیاند، ناکرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێکی خراپ ببرێت و ھەموو ھەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم ئیرادە نیشتمانییە بێئەنجام دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد تاوەکو ئێستاش کات ماوە بۆ گفتوگۆ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و ھاوبەشیی راستەقینە کێشەکان چارەسەر بکەین و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین کە وڵات بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ببات.
ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان کرایەوە بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوولا بکات.