تۆڕی هەواڵی CNN بڵاوی کردەوە کە بەڕێوەبەری بەوەکالەتی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، بیڵ بۆڵتی، دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی فرەوان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی دەزگاکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی پێکهاتەی دامەزراوەی هەواڵگرییدا.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، ئەمەش لە ناوەڕاستی مشتومڕێکی بەردەوامدا سەبارەت بە رۆڵ و هەژموونی ئاژانسە فیدراڵییەکان لەناو دەوڵەتی ئەمریکادا.
تۆڕی ناوبراو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە کە پرۆسەی دەرکردنی فەرمانبەران لە ئێستاوە دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەکە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە وەک "توخمەکانی دەوڵەتی قووڵ" لەناو دەزگاکەدا وەسف دەکرێن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێدەچێت نوێنەرایەتی رەوتە بیرۆکراتییە دژبەرەکانی ئاڕاستەکانی ئیدارەی ئێستا بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ ڕاستەوخۆ دوای دەستنیشانکردنی بۆڵتی لەسەرۆکایەتی هەواڵگریی نیشتمانی بەوەکالەت، رایسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانێک بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان لەو دامەزراوەیەی کە سەرپەرشتی 18 ئاژانس و دەستەی هەواڵگریی ئەمریکی دەکات.
تۆڕی CNN ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆڵتی یەک ڕۆژ پێش وادەی چاوەڕوانکراو دەستبەکاربووە، و دەستبەجێ دوای گەیشتنی، داوای لیستی تەواوی ناوی هەموو فەرمانبەرانی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دووبارە رێکخستنەوەی پێکهاتەکە.