ئەحمەد شەرع رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرەو ئاوەدانی هەنگاو دەنێت و دوای هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لە دایکبوەتەوە، جەختیشیکردەوە سوریا لە سەرچاوەی کێشەوە بوەتە دەرفەتی مەزن بۆ ناوچەکە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، لە میانی بەشدارییکردنی لە دانیشتنی سەرەکیی لووتکەی راگەیاندنی عەرەبی لە دوبی رایگەیاند کە وڵاتەکەی دوای هەڵگرتنی سزاکان لەدایکبووتەوە و لە سەرچاوەی کێشە و ناسەقامگیرییەوە بووەتە دەرفەتێکی مەزن لەسەر ئاستی ناوچەکە.
شەرع ئاماژەی بەوە دا، سوریا ئێستا کاری جدی دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی خۆی و دامەزراوەکانی، بە تایبەت دوای ئەوەی لە وڵاتێکی دەستپێکەری ئاڵۆزی و ناردنەدەرەوەی کەپتاگۆنەوە گۆڕدراوە بۆ بنکەیەکی سەقامگیری کە بەسوودی تەواوی ناوچەکەیە.
سەرۆکی کاتی سوریا جەختیشیکردەوە، بە راکێشانی وەبەرهێنانی کەنداوی و ئەوروپی هەوڵدەدەن وڵاتەکەیان زیاتر ئاوەدان بکەنەوە و هەنگاوی زیاتر بنێن بەرەوە ئاوەدانی.
ئەم قسانەی ئەحمەد شەرع لە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی نێودەوڵەتی دێن؛ لەوانە کۆتاییپێهێنانی بەرنامەی سزاکانی ئەمریکا لە تەمموزی 2025، سڕینەوەی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر لە ئابی رابردوو و هەروەها بڕیاری کۆمکاری عەرەبی لە ئەیلولدا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانی سوریا.