د. دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا ھیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە، تەنھا حاڵەتێکی گومانلێکراو ھەیە، کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نۆ مانگە، نمونەی خوێنی وەرگیراوە و نێردراوە بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغداد بۆ پشتڕاستکردنەوەی حاڵەتەکە.

ئاشکراشیکرد، منداڵەکە لە بەغدادەوە سەردانی ھەولێری کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کە ھەوکردنی جگەری ھەیە نیشانەکانی زیاتر لە نیشانەی ھەوکردنی جگەر دەچێت، بەڵام لە شوێنێکەوە ھاتووە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاوبووەتەوە و پزیشکی چارسەرکاریش گومان دەکات بەشێک لە نیشانەکانی ھەڵگری پەتاکە بێت.


 وتیشی، گومانلێکراوەکە لە نەخۆشەکانی تر جیاکراوەتەوە و بەپێی وتەی پزیشکەکان و پسپۆڕانی پەتاکە کەمتر گومان دەکرێت ئەو ئەو حاڵەتەی ھەیە تای خوێنبەربوون بێت.