رائید راز فریا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان و ژنانی سلێمان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە گەڕەکی زەرگەتەی کۆن ژنێک لە ماڵی باوکی بووە لە کاتی چوونی بۆ پێدانی کرێی خانوو لەو کاتەدا ھاوسەرەکەی و برای ھاوسەرەکەی لەو کۆڵانەوە رۆشتوون و ١٥ چەقۆیان لە ژنەکە داوە.

خوشکی ژنەکەش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، مێردی خوشکەکەی لە دەرەوەی وڵات بووە و ماوەی ساڵێک دەستگیراندار بوون و بەردەوام کێشەیان ھەبووە، بەڵام کە گەڕایەوە ٤٠ رۆژ ژن و مێرد بوون، لەو ماوەیەدا مێردەکەی بە توندی داوای لە ژنەکە کرد بچێت کار بدۆزێتەوە و پارە پەیدا بکات، ژنەکەش لە توانایدا نەبوو بیکات و داوای جیابوونەوەی کرد، ئەوەش ھۆکاری سەرەکی پەلاماردانی ژنەکە بووە.

وتیشی، سکاڵایان لەسەر مێردی خوشکەکەی تۆمار کردووە بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێت.