ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان: ڕێگە بە بوونی ھیچ گروپێکی چەکدار لە شەنگال نادەین
کوردسات نیوز
٥ی ئایاری ٢٠٢٢
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان ئەمڕۆ بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی وت، "ئەو بەھێزە سەربازییانەی کە گەیشتوونەتە ناوچەی شەنگال، بۆ سەپاندنی ھەژموونی دەوڵەت و یاسا لەوێن."
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، "ھەمو ئەو ڕوداوانەی کە لە شەنگال تۆمارکراون بەھۆی چەند کەسێکی بێ ویژدانەوە بو کە ھەژمونییان سەپاندبو و ڕێگایان لە دژی بەرپرسانی ئەمنی قەزای شەنگال داخستبو."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ستایشی ئەو کارە مەزنەی کرد کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەواوە ئەنجام دراوە بۆ سەپاندنی ئاسایش و ئەمنیەت لەقەزای شەنگال".
یەکی ئەم مانگە شەڕو پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق لە چەند ناوچەیەکی قەزای شەنگال روویداو بەھۆیەوە سەدان خێزانی قەزاکە ئاوارەبوون، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانیش دەڵێت ھیچ دیاردەیەکی چەکداری لە قەزاکەدا نەماوە.