کۆبوونەوەکە لەھۆڵی خاک و بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی بەڕێوەچوو، نوسینگەی شاناز ئیبراھین ئەحمەد رایگەیاند ئامانج لە گفتوگۆکان گەڵاڵەکردن و داڕشتن و نوێکردنەوەی وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی یەکێتییە.

نوسینگەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕاشیگەیاند دەیانەوێت " ئەم حزبە تێکۆشەرە بەلەبەرچاوگرتنی تێبینی و پێشنیازە گرنگەکان، بەدیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئایندە و باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات."

کۆبوونەوەکانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتێکدایە بڕیارە سەرەتای مانگی پێنج دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساز بکرێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو پرۆسەیە دەستیپێکردووە.

یەکێتی دەیەوێت چاکسازی بکاتە بنەمای نوێبوونەوە، ھەروەھا بافل تاڵەبانی ڕایگەیاندووە کە ئۆرگانەکانی یەکێتی کاریگەر و چالاکتر دەکەن و ستراتیژێکی دوورمەودای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی کە خزمەت بە ھاووڵاتیان و ژینگەی سیاسی و حکومڕانی لە عێراق بکات، دەیکەنە ھەوێنی کارکردنیان، بۆ ئەو کارانەش ھیچ ھێزێک نایانوەستێنێت.