وەزارەتی پەروەردە لەبارەی خوێندکارانی شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٥ی ئایاری ٢٠٢٢
وەزارەتی پەروەردەی ڕایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دھۆک کردووە وە لە کەمپەکان یان دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن و سەر بەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن، دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە خۆیان تۆمار بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ھاتووە، دۆخێکی ناسەقامگیر ڕووی لە سنووری قەزای شەنگال، بەتایبەتی ناوچەکانی (سنونێ و خانەسوور و دووگر) کردووە.
لەبارەی ئەو خوێندکارانەی شەنگال کە تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامنەداوە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت ئەوانیشت دەتوانن " تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دھۆکەوە دەچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان."
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "ھیچ خوێندکارێک لەو خوێندکارانە نابێت مافیان بفەوتێت بەھۆی بەجێھێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە."
لەبارەی ئەو قوتابیانەی کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵن، وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم دەڵێت، " وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال بەڵێنی دا کە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا رادەسپێرن کە ھاوشێوەی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بنێن و تیمێکی کارکردن دروست بکەن بۆ ئەو بابەتە و دڵنیایی دا کە ھەموو رێکارێکی گونجاو دەگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت."