باڵیۆزی ڤەنزیۆلا و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبونەوە
٢ی ئایاری ٢٠٢٢
ئەمین بابەشێخ ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکان، لەگەڵ سەرکەوت محەمەد غەفور، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندیەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سلێمانی پێشوازیان کرد لە ئارتۆرۆ گالێکۆس، باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە عێراق.
لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر پەیوەندیەکانی نێوان ڤەنزوێلا و عێراق لەلایەک و ھەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە، جەخت کرایەوە لە پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات بەتایبەت لەبوارەکانی دبلۆماتی و بازرگانی و گەشتوگوزارو کشتوکاڵ و وەبەرھێنان.
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئامادەیی تەواوی دەربڕی لە ڕێی ھەردوو تیمی یەکێتییەوە لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم کارئاسانی و ھەماھەنگی تەواو بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکان و پتەوکردنی رایەڵەی کارکردن لەو بوارانەی کەجێی بایەخی ھەردوو لایە، لای خۆشیەوە باڵیۆزی ڤەنزوێلا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ھەموو جۆرە رێکارێکی کارکردن لە داھاتوودا بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە ھاوبەش و باڵاکانی ھەردوو گەلی کوردو ڤەنزوێلادا بێت.