بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی: بارانبارینی بە لێزمە بەردەوام دەبێت
کوردسات نیوز
٢ی ئایاری ٢٠٢٢
ئاسۆ کەمال بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆ کەشوھەوا ناجێگر دەبێت و بارانبارین لە سەنتەری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەوام دەبێت، کە ھەندێک جار نمە و ھەندێک جاریش تاوەبارانی بە خوڕ دەبێت تا دەگاتە لێزمە باران.
ئاسۆ کەمال وتیشی، سبەینێ کەشوھەوا تا رادەیەک جێگیر دەبێت، بەڵام خۆڵبارین دەبێت بەھۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلەی لە خۆرئاوای عێراق و سنورەکانی سوریاوە رووی لە ھەرێمی کوردستان کردوە و تا رۆژی چوار شەممە بەردەوام دەبێـت.
بەپێی زانیارییەکانی بەرێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی ئەمرۆ لە سەنتەری سلێمانی حەوت ملیم باران باریوە و لە ھەندێک ناوچەی دەوروبەریشی گەیشتوەتە ٣٠ ملیم، بەو پێیە تا ئێستا ٤٢٧.٤ملیم باران باریوە، ساڵی رابردووش تا ئەم وادەیە ٤٠٤ ملیم باری بوو.