چالاک رەئوف فەرەج سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا کار بە یاسای کاری ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ی سەردەمی بەعس دەکرێت، لە کاتێکدا لە ھەرێمی کوردستان دەیان یاسا لە بەرژەوەندی وەبەرھێن و سەرمایەداران دەرکراوە و لە کوردستانیش سەدان ھەزار کرێکار ھەیە و شیاوی باشترین کارن بۆیان بۆ دەرکردنی یاسایەکی کاری سەردەمیانە.

وتیشی، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاگادار دەکەنەوە ھیچ پاساوێک نەماوە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی داواکانی کرێکاران و پێویستە بە دەم داواکاری سەندیکاکانی کرێکارانەوە بێت لە دەرکردنی یاسایەکی پێشکەوتوو و گونجاو و سنوردارکردنی ھێنان و کارپێکردنی کرێکارانی بیانی لەلایەن کۆمپانیا خۆماڵ و بیانییەکانەوە و چارسەرەی گونجاو بۆ کێشەی کرێکارانی رۆژانە و بیناسازی و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی بۆ ئەوانەی خاوەنکاری دیاریکراویان نییە.

لەبارەی بەشێکی داواکارییەکانی خستەڕوو راگەیاند، دەبێت قوربانیانی کار بە شەھیدی ئاوەدانی ھەژماربکرێت و ھاوکاریکردنی کرێکارانی دابینکراو بەپێدانی زەوی و ھەر پێشینەکی تری فەرمانبەران کە دەیانگرێتەوە و پابەندکردنی خاوەنکار بە گرێبەستی کار و پێویستە داھاتی بەرێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان بۆ خزمەکردنی کرێکاران بەکاربھێنرێت لە شارەکاندا و چارەسەرکردنی ئەو کرێکارانەی لە کاتی کاردا توشی رووداوی کار دەبن بەپێی پێویست لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.