لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی کارمەندە خۆبەخشەکان داواکارییەکانیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند، حکومەت کارمەندانی خۆبەخشی ناوەندەکانی تەندروستی لە سلێمانی پشتگوێخستووە و جیاکاری دەکات لە نێوان شارەکاندا.

‏‎لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە شێوازی کارکردنی حکومەت دەربڕی و ڕایگەیاند، جێگەی سەرسوڕمانە حکومەت بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی سلێمانی دەکات. تەنیا بە سزادانی موچەخۆرانەوە ناوەستێت و دەست بۆ کەرتی تەندروستی دەبات کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە. خەرجنەکردنی شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکان و دابیننەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانیش بۆ سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ھەر لە چوارچێوەی ئەو دۆخە سەپێنراوەدایە کە بەسەر ئەم ناوچەیەدا ھێنراوە. بەڵام دڵنیاتان دەکەم ئەم دۆخە ھەروا تێپەڕنابێت و مایەی قبوڵ نییە.

‏‎وتیشی، بە ھەمووشێوەیەک لەگەڵتانم و پشتگیریتان دەکەم. پزیشک و کارمەندانی تەندروستی شایستەی ڕێز و خزمەتکردنن نەوەک سزادان. بەڵێنتان پێدەدەم کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەھێنین و سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک ناکەین.