لە کۆبوونەوەکەدا دوای ئەوەی لە نزیکەوە گوێبیستی داوا و داخوازییەکانی ئامادەبووان بوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیری بۆ داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە و لیژنەیەکی لە خودی نوێنەرانی بازاڕ و کاسبکاران پێکھێنا بە شێوەیەک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییھێنان بە گرفتەکان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکان کرد و وتی، ئەو دۆخە داراییەی بەسەر سلێمانیدا سەپێنراوە پرسێکی سیاسییە و لە بەرامبەر ھەوڵەکانی یەکێتی و ھێزولایەنە سیاسییەکانی تر بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، ڕێگریکردن لە بەھەدەردانی سامانی نەوت و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی حوکمڕانی بەکاردەھێنرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت. ھەڵەکان ڕاست دەکەینەوە و کۆتایی بە جیاکاری و پاوانخوازی دەھێنین. سەردەمی دروشم کۆتاییھاتووە و دەبێت حکومەت بە کردار خزمەتی خەڵک بکات. جیاکاری لە نێوان شارەکان قبوڵ ناکەین و ھەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان مافی ئەوەیان ھەیە لە خێروبێری خاکەکەمان سوودمەند بن.