ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران لە فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپراسیۆنی بەدواداچوونیان بۆ داواکراوانیان لە سنوری ٢٤ گوندی کوردنیشن لە سنوری خانەقین ئەنجامدا، بە بێ ئەوەی یەک داواکراو بە ماددەی تیرۆر یان ھەرمادەیەکی دیکە لەو ناوچانە ھەبن، لە کاتێکدا جێگەی داواکراوان و تیرۆریستانی داعش دیار و ڕوونە کە لە ڕۆژئاوای ناحیەی قەرەتەپە و گوڵاڵەن.

سۆزان مەنسور ڕاشیگەیاند، لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستگیراوە بەسەر چەکی دانیشتوانی گوندە کوردنشینەکاندا لە کاتێکدا بە پێی یاسا ڕێگە دراوە بە گوندنشینان کە چەکیان بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان و ماڵاتیان ھەبێت.

جەختیشیکردەوە، دەبێت چەکەکان بدرێنەوە دەستی خاوەنەکانیان، چونکە ئەو داماڵینی چەکە لە گوندە کوردیەکاندا لە کاتێکدایە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکدا سەریان ھەڵداوەتەوە، بۆیە ئەوە بە پیلانێک دژی کورد تەماشا دەکرێت بۆ ئەوەی کوردانی ئەو ناوچانە بدرێن بە دەم ھێرش و پەلاماری تیرۆرستان و چەکداران.

سۆزان مەنسور ھۆشداری توندیدا و ڕایگەیاند، ئەگەر ھێرش بکرێتە سەر دانیشتوانی ئەو گوندانە و بە دەردی دانیشتوانی ٣٤ گوندە چۆڵکراوەکەی خانەقین ببرێن و ببنەوە قوربانی، ئەوا فەرماندەکانی ئەو ھێزانە لێیی بەرپرسیارن و لە دادگایی سەربازی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.