وەزارەتی تەندروستی ١٨ رێنمایی بۆ رۆژانی جەژن دەردەکات
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٢
ڕێنماییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز...
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبوون و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ڕەچاوی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە بکرێت:
١. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.
٢. بۆ ھەرکارێکی پێویست و لەنەکاو پێویستە ھێڵی گەرمی پەیوەندی ھەبێت.
٣. لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
٤. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بەبەردەوامی ئێشکگری.
٥. ھاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنھا لەڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەراتیەکان دەبێت.
٦. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) کاتژمێر لەڕێگای پەیوەندی لە (٨) ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی ڕۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەراتیە گشتیەکان.
٧. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
٨. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین و سوتەمەنیەکان بکرێت.
٩. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
١٠. ھێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
١١. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و ھەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.
١٢. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
١٣. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
١٤. تیمەکانی فریاگوزاری و ھێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی (٢٤) کاتژمێری وە ھۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
١٥. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام بن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
١٦. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت.
١٧. بەردەوام بوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی پشکنینی کۆرۆنا و چارەسەری.
١٨. دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لە ڕۆژانی پشوو لەکاتی پێویست.
بە ھیوای جەژنی شادی و سەلامەتی بۆ ھەمووان...
د.سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان