سامان نادر بەرێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر رێگەی کەرکوک – چەمچەماڵ نزیک ناوچەی مەنیلە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە ھێزی پێشمەرگە وەرگەڕاوە و بەھۆیەوە چەند پێشمەرگە بریندار بوون و پێشمەرگەیەکیش گیانی لە دەستداوە.


وتیشی، بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شەھید پێشڕەو لە چەمچەماڵ چارەسەریان بۆ دەکرێت و تیمیان رەوانەکردووە و  لە کاتی پێویستیدا بریندارەکان دەھێنرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی شار .

فەرماندەی فەجی سێی لیوای ١٦ی پێشمەرگە لەبارەی رووداوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کاتی گۆڕینی دەوامدا و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە تووشی ئەو رووداوە بوون و بەھۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لە دەستداوە و ١٥ پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بریندارەکان وتیی، سێ لە برینداوەکان رەوانەی سلێمانی کراون بۆ چارەسەرکردنی زیاتر و تەندروستی بریندارەکانی تر باشە.