وەزارەتی پێشمەرگە: ھیچ لیستێکی شەھیدانی شەڕی داعش و لایەنی سیاسییان بڵاونەکردۆتەوە
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٢
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە رای گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و میدیاکاران رادەگەیەنین، وەزارەتی پێشمەرگە ھیچ لیستێکی جیاکاری شەھیدان و لایەنی سیاسیانی بڵاو نەکردۆتەوە. بەھیچ جۆرێک پۆلبەندی و ریزبەندی شەھیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەرەسمی نەکراوە.
نە لەرابردوو و نە لەئێستا و داھاتوودا نەبووە و نابێت، ھەر لیست و جیاکارییەک لەوبارەیەوە بەناوی ئەمینداری گشتیی و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و ناحەقیشە بەرامبەر بەخوێنی شەھیدانیان. لەوبارەیەشەوە، چەواشەکاران و ساختەکاران دەدەن بە یاسا و روبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.
دووپاتیشیکردۆتەوە، شەھیدانیان بە یەکەوە لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستان و کەرامەتی تاک بەتاکی گەلەکەیان و پاراستنی ئەزموونی ھەرێم و ئاشتی بۆ جیھان گیانیان بەخشیوە، بۆیە لە لای ئەوان شەھیدان شەھیدی ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستانن.