"ڕیڤینگ ھروری" سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، شەڕ لە ناوچەکانی نێروە و ڕێکانی ناحیەی دێرەلوک و شیلادزێ و کۆمەڵگای سیریێ ھەبووە، ھێزەکانی تورکیاش لەسەر گردی کۆڕەژارۆ لینکی داناوە، بۆ پاراستنی خۆیان ڕۆژانە بۆردوومانێکی زۆری ئەو دەڤەرانەی نزیک سەربازەکانیان دەکات، ئەوەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر سایکۆلوژیەتی خەڵکی ئەو ناوچانە دروستکردووە ،چونکە ڕۆژانە خەڵکی خۆیان ئەو بوردوومان و دوکەڵانە دەبینن.

ڕاشیگەیاندووە، بەھۆی ئـەو شەڕ و ئاڵوزیانەی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومانەکانی تورکیا لە سنوری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٣٦٠ گوند چوڵکراون، تەنیا لە دەڤەری ئامێدیش نزیکەی ١٩٧ گوند چوڵکراون.