بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات
کوردسات نیوز
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢
"نەبەز ئیسماعیل" وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف لە ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پشت بە ھیچ وڵات و دەزگایەکی فەلەکی نابەستن، پەیوەندییان لەگەڵ دیوانی وەقفی سوننی عێراق ھەیە، ھەروەھا بڕیاری تایبەت بە خۆیان ھەیە و تەنیا پشت بە بەڵگە شەرعییەکانی خۆیان دەبەستن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات، بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا دیارنییە، ئەم مانگە ٣٠ ڕۆژ دەبێت، یان ٢٩ ڕۆژ، ڕۆژی شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە، ئەگەر مانگ بینرا، ڕۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەشینرا مانگی ڕەمەزان ٣٠ ڕۆژ دەبێت و ڕۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن.