شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئامادەکاری دیداری یەکێتی لە سلێمانی و چەمچەماڵ رایگەیاند، دیداری یەکێتی مۆدێلێکی ھاوچەرخی کاری حزبییە لە رێگەی گفتوگۆی ھەڤاڵانە رێگەچارە و شێوازی نوێی کاری رێکخستن و تێکۆشانی دامەزراوەیی گەڵاڵە دەکات و دەرئەنجامی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە رێنوێن و نەخشە رێگە بۆ سیاسەت و کۆششەکانمان.

وتیشی، دیداری یەکێتی ھەوڵێکی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی کۆی سیاسەت و دیدگا و بۆچوون و پرۆژەکانی یەکێتی و گونجاندنیان لەگەڵ واقعی سەردەم و بە گوێرەی پیداویستییەکانی خەڵکی کوردستان، ھەربۆیە جگە لە ھەڤاڵانی یەکێتی نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکان لە دیدارەکەدا بەشدارن و زیاد لە پەنجەرە و رایەڵەیەک دروستکراوە لەگەڵیان بۆ ئەوەی دیدارەکە ئاوێتەیەک بێت لە دیدی حزبییانە و دیدی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی و ھەموو ئەوانەی تێڕوانیان بۆ داھاتوویەکی باشتر بە رێباز و روانینی یەکێتییەوە گرێدراو.

راشیگەیاند، یەکێتییەکی بەھێز زامنی سەرەکی دەبێت بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تا بتوانن لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگری بکەن و ئامانجی ھەموومانە یەکێتییەکەی مام بگەڕێتەوە سەر بنەما و رەھەندە نیشتمانییەکانی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، چونکە ئەزموونی دەیەی رابردوو لە کوردستان دەریخستووە ئامانجی گەورە بە حزب و ھێزی گەورەی نیشتمانپەروەری وەکو یەکێتی جێبەجێدەکرێت.

تەئیکیدیکردەوە، نایانەوێت گفتوگۆ و پرۆژەکان و گەڵاڵەی کۆتایی ئەم دیدارە، تەنھا بۆ قسەکردن و  پرۆژەی جوان بێت بۆ رازاندنەوەی سەر رەفە و مێزەکان، بەڵکو دەیانەوێت پرۆژەکانی ئەم دیدارە بکەنە بنەمایەکی گرنگ بۆ نوێکردنەوەی جەستەی یەکێتی و بوژاندنەوەی دامەزراوەکانی لە رووی فکری و سیاسییەوە و کۆبوونەوەکانی بکەنە گۆڕەپانی سەرەکی کادرە دڵسۆز و بەتواناکان بۆ پەروەردەکردنی کادرەکان و پەرەپیدانی توانا فکری و حزبییەکان و نوێکردنەوە و داھێنان.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەشڵێت، "دەڤەری سەوز و شاری شاران بەشێوازی جۆراوجۆر گەمارۆدراوە و گوشاری خراوەتەسەر و تاوەکو نەتوانێت رۆڵی پێشەنگی خۆی ببینێت، ئێمە دەبێت ئەم گەمارۆیە تێپەڕێنین نەک ھەر بە دروشم بەڵکو بە کردار و بونیادنان و دۆزینەوە چارەسەری داھێنەرانە، ئێمە دەتوانین بە پشتیوانی یەکێتی و کادران ئەم ئەرکە لەم دیدارەدا جێبەجێبکەین.