لەو خۆپێشاندانەدا ھاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) ، ھاوسەرۆکانی گشتی پارتی ھەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (ھەدەپە) , ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، لە نێوانیاندا بەسەدان کەس لە شاری ماردین، سێرت، ئیلیح و ئامەد، لە شارۆچکەی تلقەبینی ناوچەی سلۆپی بارێزگای شڕنەخ کۆبوونەوە و بەرەو دەروازەی سنووری خابور رێپێوانیان کرد.

لای خۆشییەوە بەردان ئۆزتورک ھاوسەرۆکی (کەجەدە) لەو بارەیەوە راگەیاند, ئێستا بە ھاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکیا لە سیاسەتی داگیرکەری بەردەوام دەبێت، ئێمە وەک گەلی باکوری کورستان ئەمە قەبوڵ ناکەین.

تورکیا لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەوە ھێرشی سەربازی بۆسەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش بە توندی دەستیکردووە بە تۆپبارانکردن و بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە و سەربازێکی زۆری ڕەوانە کردووە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل - ھەپەگە ڕایگەیاند، تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٢٨ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.