‏‎ لە کۆبوونەیەکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسول و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری—زانیاریی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی گەشەسەندن، پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و جموجووڵی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش.

‏‎لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی توانا مرۆیی و سەربازییەکان کردەوە و رایگەیاند، لە ھەوڵەکانمان بۆ بونیادنانی ھێزێکی تۆکمە و مۆدێرن بەردەوامین. مەشقی چڕ و راھێنانی بەردەوامی ھێزەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان کۆڵەکەی گرنگی سوپایە و ئێمەش دەمانەوێت ھێزی پێشمەرگە بە باشترین شێوە ئامادە و پڕچەک بکەین.

‏‎لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە گرنگی توانا ھەواڵگرییەکان کرد و وتی، دەبێت لەسەر بنەمای زانیاری ورد، ھاوکاری و ھەماھەنگی ھێزە ئەمنییەکان کردە سەربازییەکان ئەنجامبدرێت و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستانیش لەسەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت.

‏‎ھەر لە کۆبوونەوەکەدا دوایین جموجووڵ و چالاکییەکانی داعش تاوتوێکران و بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە سەربازییەکانی راسپارد بە ھەمووشێوەیەک دژی ھەر جوڵە و پلانێک بوەستنەوە کە ئارامیی ھەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەمەش کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە گرنگ وەسفکرد.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشی کردەوە ھێزی پێشمەرگە و ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان پارێزەری راستەقینەی سەر و ماڵی خەڵکن. بۆیە رێگە بەھیچ کەسێک نادەین ھێزی تایبەتی ھەبێت و بە ھەمووشێوەیەک دژی دەوەستینەوە.