سەرەتای کۆبوونەوەکە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کورتە باسێکی دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو، ھاوکات پوختەیەکی لەبارەی ھەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی دیداری یەکێتی لە سلێمانی باسکرد و دووپاتیکردەوە کە دەبێت دیداری یەکێتی وەڵامدەرەوەی کێشە و داوا و خەمەکانی خەڵک بێت، پێویستە دیدارەکە دەست لەسەر کێشەکان و برینەکانی یەکێتی دابنێت.

لەو کۆبونەوەیەدا، بەوردی تاوتوێی بارودۆخی ناوخۆی حزب و رووداو و پێشھاتەکانی ئێستا کرا، لەبەر رۆشنایی دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستان.

دۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتیان لە ھەرێم و بەتایبەت لەسنوری سلێمانیدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو کە تێیدا جەختکرایەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە جێبەجێکردنی داواکانی ھاوڵاتیان بدرێت و ھەوڵی جدی بنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.