بێگەرد تاڵەبانی: ئاستی وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵیدا زیادیکردووە
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
ئاستی وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵیدا زیادیکردووە
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرنامەڕێژی تەواو کراوە بۆ ئەوەی پەرە بە سێکتەری کشتوکاڵ بدەن و وەک یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری کاری لەسەر بکەن توانیویانە پلان و ستراتیژییەتی خۆیان دابڕێژین و لەسەر ئاستی کۆی سێکتەرەکانیش گۆڕانکاریی گەورە بەدیھاتوون، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە گەورەی ئەوان دەیانەوێت بە چاوی خۆیان دەرەنجامەکەی ببینین، چونکە سێکتەری کشتوکاڵ وەکو دەزانین ھەنگاوەکانی نەرم نەرم بەرەو پێش دەچێت، بۆیە ڕەنگە لە داھاتوودا ببینن چ ھەنگاوێکی گەورە نراوە.
وتیشی، ئەو پلانەی دایانڕشتووە لە بواری پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراکی یەکێک بوو لە بەرنامە ھەرە گرنگەکان و دوای ئەو فیدباکانەی وەریانگرتەوە لە دەستەی وەبەرھێنان ئێستا ئاستی وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵیدا لە ١.٥% گەیشتووەتە سەرووی ٨% کە ئەوەش موژدەیەکی خۆشە بەوەی وەبەرھێنان لە لایەن سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان و بیانیش ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی پیشەسازی خۆراکی و کشتوکاڵیی بەرز بکەینەوە، بێگومان ھەر کات بووینە خاوەنی کارخانەی تایبەتی خۆمان لە بواری کشتوکاڵیدا، ئەو کات پڕۆسەی ئاسایشی خۆراکمان دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ و دەکرێت پشتی پێ ببەستین.
یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ چەندین ھەلی کار دەڕەخسێنێت
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی یاساکەوە رایگەیاند، یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ یەکێکە لە یاسا ھەرە گرنگەکان و دوو ئەرکی گرنگ دەپێکێت، یەکێکیان ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری و پەیمانگەکان و ئامادەییەکان کە ھەلی دامەزراندنیان لە کەرتی کشتوکاڵی نەبووە، دەتوانن ببن بە سەرپەرشتیار لە پڕۆژەکان، دوای ئەوەی خولی شیاندنیان بە گوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە بۆ دەکرێتەوە، کە بە ھەزاران پڕۆژەی کشتوکاڵی ھەیە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکدا کە لیژنەی یاسایی لە وەزارەت سەرقاڵی ئەوەن بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن و لە ھەفتەی داھاتوودا دوای ئەوەی ڕێنماییەکە بڵاو دەکرێتەوە، دەرگا دەکەنەوە بە ڕووی ئەو دەرچووانەی ھەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە لە کەرتی گشتیدا، بۆ ئەوەی لە خولی شیاندن بەشداربن و ئەزموون فێر ببن بۆ ئەوەی لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دابمەزرێن.
رونیشکردەوە، پڕۆژەکە رێگر دەبێت لەوەی یەکێک لە ھەر دوو کەرتی تایبەت و گشتیدا سوودمەند بێت و ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن ھەمان مافی خانەنشینی دەبێت وەک ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا کار دەکەن، بۆیە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە لە وەزارەتی کار خۆیان تۆمار بکەن، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوەی بتوانین لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان ھەم چاکسازیی ھەمیش دەرفەتی کار بڕەخسێنین.
کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو کێشانەی لە نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دروست دەبێت لە کاتی قەدەغەکردنی بەروبوومەکاندا دەڵێت، لە کۆتا دانیشتنیان وەفدی ھەر دوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە لەسەر ئاستی عێراق یەک ڕۆژنامەی کشتوکاڵیمان ھەبێت و ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەردەچێت بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ئێمە بێت و ئەو ڕێگریانەی لە ناردنی بەروبوومی ئێمە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق ھەیە بە ھەموو شێوەیەک لا ببرێت، چۆن ئەوان لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکانی ئەوان دەرگایان بۆ دەکەنەوە بە ھەمان شێوە دەبێت ئەوانیش وا بکەن، بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بووە، بەڵام بەشێکیان ھێشتا ماون، لە ھەفتەی ڕابردوودا وەزیری کشتوکاڵی عێراق واژۆی لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە کرد، کە ئومێد دەکەن ببێتە سیاسەتی ھەر دوو لایان بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی لە ڕابردوودا ھەبوون نەمێنن.
ئامادەکاری بۆ رووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی دەکرێت
بێگەرد تاڵەبانی سەبارەت بە وشکەساڵی رایگەیاند، سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی ڕوونە، ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریان تایبەت کردووە بە دیاردەی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە، شار بە شار، ناوچە بە ناوچە، لادێ بە لادێ و ھەڵسەنگاندنی تەواوەتیان بۆ ڕێژەی کەمبوونەوەی ئاو کردووە، دوای ئەوە ڕاپۆرتی تایبەتی خۆیان دەدەنە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دیارە ئەمە پێویستی بە پشتیوانیەکی گەورەی ماددی ھەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو پڕۆژانەی کە گرنگن، چ لە دروستکردنی پۆندەکان کە بڕیاریان لەسەر دراوە و نزیکەی ٢٥ پۆند لە ھەرێمی کوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست دەکرێت، چ لە دانانی بەردی بناغەی ئەو بەنداوانەی کە گرنگ و ستراتیژین و کۆگای گەورەی ئاون لە ھەرێمی کوردستان، چ لە تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی کە بەشێک لە پارەیان بۆ تەرخان کراوە و ھەروەھا لە پڕۆژە ئاودێرییەکان و سیستمی پێشکەوتوو لە پاراستنی ئاو، کە ئەمانە ھەمووی دەبنە پاکێجێک و وەزارتی کشتوکاڵ کاریان لەسەر دەکات، بەڵام ئەمانە ھەمووی بە حکومەت ناکرێت و پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوەتی جوتیارانیش ھەیە، بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین دەست بە ئاوەوە بگرین، راپۆرتی خۆیان دەبەنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە پشتیوانی دارایی، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی بۆیان دابین بکرێت.
ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێت
لەبارەی وەرگرتنی گەرنمی جوتیارانیشەوە وتی، یەکێک لە بەرھەمە ھەرە گرنگەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین بەرھەمی ھەبووە، گەنم بووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیش بەھۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرھەمھێنانی گەنم زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام سایلۆکان ئامادەن و دەتوانن گەنمی جوتیاران وەربگرن، پێویستیان بە میکانیزمێکە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەشی کە حکومەتی عێراق داویەتی لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراق، ئەوان چۆن دەتوانین ھاوسەنگییەک دروست بکەین لەگەڵ ئەو سایلۆیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، جوتیاریش مافی خۆیەتی لە کوێ گەنمەکەی پارەی زیاتر بکات، گەنمەکەی ڕادەستی ئەو سایلۆیە بکات، دەبێت لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتە یەکلا بکەنەوە لە دیاریکردنی نرخ و چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژانە، کە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی ژێرخانی ئابووری وڵاتن.