داوا لە ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەکرێت ڕونکردنەوە بدات لەبارەی سەردانەکەی بۆ ھیندستان
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەو نۆ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆیان لەسەر نوسراوێک کردووە و دەڵێن، تاوەکو ئێستا ھۆکاری سەردانەکەی پارێزگاری سلێمانی نازانن.
لە بەشێکی نوسراوەکەدا ھاتووە، "بەپێی ئەو پۆستانەبێت کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکری کردووەتەوە بەشێکی زۆری تەنھا وێنەگرتن بووە لەگەڵ گرنگیدان بە بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی کلتور و کەلەپوری ئەو وڵاتە و لەکاتی گەڕانەوەشی تائێستا ھۆکاری سەردانەکەی بەناڕونی ھێشتووەتەوە."
دەشڵێن سەردانەکەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەکاتێکدایە "ھاوڵاتیان بەدەست نەبوونی چەندین خزمەتگوزاری دەناڵێنن و بەھۆی خراپی لە سیستەمی دابەشکردنی موچە خانەنشینان توشی چەندین ناڕەحەتی و تەنانەت ڕوبەڕوی مەرگ دەبنەوە."
ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە دوای نزیکەی ١٣ ڕۆژ لە گەشتەکەی بۆ ھیندستان ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان.
لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ ھیندستان لە پۆستێکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، ھەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند لەلایەن ھیندستان نازناوی "باڵیۆزی موحیبەت"ی پێدراوە.
