کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی و ھەڵەبجە گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەمڕۆ بازنەی خۆپیشاندانی کارمەندانی خۆبەخشی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی فراوانترە و دەڵێن لە دامەزراندندا جیاکاری کراوە و لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە دامەزراندن ھەیە بەڵام لە سلێمانی نییە.
لە یەکێک لەو دروشمانەی لەلایەن خۆپیشاندەران بەرزکراوەتەوە نوسراوە "دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی بە نھێنی و ژێر بەژێر بۆ ھەندێک لە شارەکانی کوردستان و بێ بەش کردنی سلێمانی و ھەڵەبجە وگەرمیان و ڕاپەڕین نیشانەی غەدر و جیاوازی و نادادپەروەرییە."
دەشڵێن ئەگەر دامەزراندن ھەبێت دەبێت بۆ ھەموو شارەکان بێت نەک تەنیا بۆ چەند زۆنێک.
لێپرسراوی بەشەکانی تەندروستی ھەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ساڵانێکی زۆرە کارمەندێکی زۆری پزیشکی خانەنشین دەکرێن و جێگەیان پڕ ناکرێتەوە... پێویستە فەرمانی دامەزراندن یان گرێبەست بۆ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و خۆبەخشەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
دوێنێش کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لە سلێمانی بایکۆتی داوامیان کرد و رایانگەیاند نارۆنەوە سەرکار تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت و دەشڵین لە ھەولێر و دھۆک بە نھێنی و بە ناوی جۆراوجۆرەوە دامەزراندن بەردەوامە و دەرچوانی دانەمەزراوی سنوری پارێزگای سلێمانیش پشگوێخراون.
نوێنەری کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ژمارەیان زیاتر لە ١٢ ھەزار دەرچووی دانەمەزراوە و چەندین ساڵە بە بیانوی جۆراوجۆر و بڕواپێنەکراو دامەزراندن راگیراوە، لە کاتێکدا دامەزراندن بە بەردەوامی بۆ وەزارەتەکانی تر ھەبووە و تەنانەت لە وەزارەتی تەندروستیشدا جیاوازی کراوە و داواکارن ئەو ستەمەی لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان راپەڕین دەکرێت کۆتایی پێبھێنرێت و دەرگای دامەزراندنیان بۆ بکرێتەوە.