ئیلھام ئەحمەد: تورکیا بە ئەندازەی کۆبانێ دژی ھەولێر و بە ئەندازەی قەندیل دژی سلێمانییە
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
لە میانی سەردانێکدا بۆ ئەوروپا، ئیلھام ئەحمەد، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری مەسەدە ڕایگەیاند تورکیا ھێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و لە ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشوور و شەنگال ھێرش ھەیە.
ئیلھام ئەحمەد ڕایگەیاند "دەوڵەتی تورکیا دژی ھەمو دەستکەوتەکانی کوردە، لەکوێ دەستکەوتی کورد ھەبێت، دەوڵەتی تورکیا ھەوڵ دەدات لەناویببات و بێئارامی بکات."
دەشڵێت "ئێمە ھێرشەکانی سەر رۆژئاڤا دەبینین، لە ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشور و شنگال ھێرش ھەیە، ئەم ھەفتەیە سێ شەڕڤانی ژنی شەھید کرد، ھێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەن".
ئیلھام ئەحمەد ڕاشیگەیاند، تورکیا لە ھێرشەکانیدا گوێ بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نادات و داوای ھەڵوەستەی لە وڵاتانی گەرەنتۆ کرد لە بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا بێدەنگ نەمێننەوە.
لە وتارەکەیدا ئیلھام ئەحمەد وتیشی، "حکومەتی تورکیا ھەمو دەرفەت و ناکۆکیەکان بەکاردەھێنێت و ھێرش دەکات، لەنێوان ئەمریکا و روسیا بۆشاییەک ھەیە و ھێرش دەکات، بە سودوەرگرتن لە شەڕی رۆژئاڤا ھێرش دەکات، ھیچ دەرفەتێک نادات، بە فەرمی ھەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە لە سوریان، دەوڵەتی تورکیا بەھێز دەکەن، دەوڵەتان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پشتگیری یەکتری دەکەن و چاویان دادەخەن و ئێمەش ئەمە قبوڵ ناکەین".