میدیاکانی باکووری کوردستان بڵاویانکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ تیمێکی پۆلیسی تورکیا ھێرشیانکردە سەر بارەگای ھەدەپە و دوو بەرپرسی ھەدەپە و بەرپرسێکی پارتی ھەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە دەستگیرکران.

ھەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ١٠ دۆسێی بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە ھەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرد و دواتریش دۆسێکان رەوانەی لیژنەی ھاوبەشی دەستور و دادی پەرلەمان کران تاکو کاریان لەسەر بکرێت.

یەکێک لەو پەرلەمانتارانەشی دۆسێیەکی لەسەر کراوەتەوە، میتحات سانجار ھاوسەرۆکی ھەدەپەیە.

لە ئێستادا دەیان دۆسێ بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە پەرلەمانە و دواین پەرلەمانتاری ئەو حزبەش پارێزبەندی لێوەرگیرابێتەوە سەمرا گویزەل بوو.