سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان پیرۆزبای لە رۆژنامەنوسان و میدیاکاران دەکات
کوردسات نیوز
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢
دەقی ڕاگەیانراوەکە.......
بەبۆنەی (١٢٤)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و داگیرساندنی مۆمی (٢٤) ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان دەکەین. لەم یادە پیرۆزەدا جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنووسە بەرپرس و بوێر و ڕاستبێژەکان دووپات دەکەینەوە، ھیواخوازین ئەم یادە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و چەسپاندنی پرەنسیپە گشتییەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆش، ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕووبەڕووی دەیان بەربەست و کاری سەخت و دژوار بووەتەوە، بەڵام ھەمیشە لەسەر دەستی ڕۆژنامەنووسانی سەنگین و پڕۆفیشناڵ بەسەر سەختییەکاندا زاڵبووە و گەیشتووەتە ئاستی ئەمڕۆ کە لە ھەرێمی کوردستان دەیان ڕۆژنامە و دەزگای میدیایی و میدیاکاری جدی و سەنگین بوونیان ھەیە و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەیە.
لەم یادەدا، پەیامی خۆمان ئاراستەی، ئەکادیمییان، مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایان و سەرجەم قەڵەمە دیار و سەنگینەکان دەکەین، کە ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن بە ئاراستەی بنیادنان و پتەوکردنی کۆڵەگەکانی میدیای بەرپرسیار، بەجۆرێک کە بنەماکانی ئازادیی ڕِۆژنامەگەری، پاراستنی مافی گشتی و تایبەتمەندییە کەسییەکان پارێزراوبن و ھاوسەنگی لەنێوانیاندا بێتە بوون.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢