ئەمڕۆ ١٢٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی
کوردسات نیوز
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢
دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردی و لە وڵاتی میسر، بە وەچەرخانێکی میّژووی ئەژمار دەکرێت، وەک سەرەتاییەکی گرنگ لە بایەخ دان بەو بوارە زیندووەی بیری ڕۆشنگەری و پەرەسەندنی زمانی کوردی لە ئاستێکی باڵا تردا.
دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، پاشخان و بنەمایەکی سەرەکی بوو، بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی دواتر لە بواری ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردیدا ھاتە ئاراوە.
یادکردنەوەی ئەو مێژووە پرشنگدارەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی لە کاتێکدایە، بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، سانسۆرێکی توندیان خستووە سەر بواری میدیا و ڕۆژنامەگەری، جگە لەوەش چەندین ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕەخنەگرت و ئاشکراکردنی کەیسەکانی گەندەڵی لە کونجی زیندان توندکراون یان سزای توندیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەدرخانییەکان لە میسر بە دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کاغەزی کوردی، میّژوویەکی پڕی لە سەروەرییان بۆ خۆیان تۆمار کرد و بوونە ڕێچکەیەکیش بۆ برەودان بەو بوارە زیندووە لە مێژووی ڕۆشنگەری کوردیدا.