بەھۆی پێوەری زیرەک مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢
عەلی ئیسماعیل، بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، بەھۆی دانانی پێوەری زیرەک نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار زیاتر لە داهاتی کارەبا بۆ ھەر مانگێک دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و " توانیویانە لەسەر ئاستی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان ٦٠ھەزار ھاوبەش دەستنیشان بکەن کە سەرپێچیان کردووە."
عەلی ئیسماعیل دەڵێت بڕیارە لە مانگی نیسان یاخود ناوەڕاستی مانگی داھاتوو پرۆژەی دانانی پێوەری زیرەک لە تەواوی ھەرێمی کوردستان تەواو ببێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و دوو سەد و چل ھەزار پێوەر بۆ ھاونیشتیمانیان بەستراوە و لەھەندێک شار و ناوچەدا ٩٥%ـی کارەکان تەواو بووە، لە ھەندێک شوێنی تر بە ھۆکاری ئیداری نزیکەی ٧٩%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە.
عەلی ئیسماعیل دەشڵێت "ئەوەی کە ماوە موتەفەریقەیە... پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە بەستنی ملیۆنێک و چوار سەد و پەنجا ھەزار پێوەرە وەکو قۆناغی یەکەم."
عەلی ئیسماعیل ڕاشیگەیاند "لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وزەی ون بوو لە وەزارەتی کارەبا و ھاوبەشەکان لە نێوان ٤٥% بوو، کە دواتر دوای سەرکەوتنی پڕۆژەکە ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٠% دابەزیوە."