مەکتەبی سیاسی: یەکێتی پشتیوانی رۆژنامەگەری کوردییە
کوردسات نیوز
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕۆژنامەنوسان و میدیاکارانی کوردستان دەکات و دەڵێت " لەم بۆنەیەدا ئەوە وەبیر دێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە پاڵ خەباتی سیاسی و چەکداریدا ، باوەڕی بە ڕەخساندنی ھەلو زەمینە ھەبوە بۆ برەو پێدانی رۆژنامەگەری کوردی."
مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت "دەرگای بڵاوکردنەوە و دەرچواندنی زیاتری ڕۆژنامەی ئازاد و ئەھلی کرایەوە و سنوورەکانی دەسەڵاتی (ی. ن. ک ) بوو بە پایتەختی ئەو ئازادییەی کە چەندین رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی بینراو بیستراو ئازاد و سەربەخۆ بەبێ ھیچ سانسۆرێک کاری خۆیان بکەن."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:
لە یادی سەدو بیست و چوارساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییدا کە ھاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیی "کوردستان" کە لە قاھیرە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە بڵاوکرایەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی خوشک و برایانی رۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەین.
لەم بۆنەیەدا ئەوە وەبیر دێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە پاڵ خەباتی سیاسی و چەکداریدا ، باوەڕی بە ڕەخساندنی ھەلو زەمینە ھەبوە بۆ برەو پێدانی رۆژنامەگەری کوردی، بۆیە لە پاش راپەڕین دەرگای بڵاوکردنەوە و دەرچواندنی زیاتری ڕۆژنامەی ئازاد و ئەھلی کرایەوە و سنوورەکانی دەسەڵاتی (ی. ن. ک ) بوو بە پایتەختی ئەو ئازادییەی کە چەندین رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی بینراو بیستراو ئازاد و سەربەخۆ بەبێ ھیچ سانسۆرێک کاری خۆیان بکەن.
زەمینەسازیی ھەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێچکەیەی کە سەرۆک مام جەلال لەگشت وێستگەکاندا بەجۆرێک تەئکیدی لە ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان دەکردەوە کە خۆی بە پارێزەریان دادەنا، ئەمەش رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە گەشەکردنی زیاتری ئەم کاروانەدا.
ھەر لەم یادەدا جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەگەریی کوردیی راستبێژ و وردبین لە سەرچاوەی ھەواڵ و ھەقبێژ لە خستنەڕووی راستییەکاندا دووپات دەکەینەوە.
سڵاو بۆ ڕۆحی مقیداد مەدحەت بەدرخانی سەرقافڵە وگشت ئەو رۆژنامەنوسانەی لەم بوارەدا خزمەتیان بە گەلەکەیان کردووە و دەکەن.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان