ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێم کۆبووەوە و ڕایگەیاند گفتوگۆیان کردووە بۆ باشترین ئیدارەدان و دابەشکردنی ئاو بۆ ھاوین و پایزی ئەمساڵ بە ئامانجی روبەروبونەوەی قورسترین دیاردە و بارودۆخی کەمئاوی و وشکەساڵی.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان، حەمرین و دبس و بەڕێوەبەرانی سەرچاوەکانی ئاوی کەرکوک و دیالە و گەرمیان، بەشدار بوون.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئاڵۆزی کەمئاوی و ڕەچاوکردنی ئاوی کۆکراوەی بەنداوەکان کرا و " توانرا پلانێکی ھاوسەنگی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی ھەمولایەک، بۆ کارپێکردنی بەنداوەکان و پڕۆژەکان دابنرێت."

پێشتر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق رایگەیاند، ئاوی کۆکراوە بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ نیوە کەمبۆتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانە.

عون زیاب راوێژکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کەمی باران بارین و گرتنەوەی ئاوی ئەو رووبارانەی لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە خاکی عێراق، بوونەتە مایەی کەمبوونەوەی ئاوی کۆکراوە و ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاو بۆ نیوە دابەزیووە.

وتیشی، وشکەساڵی لە سێ ساڵی رابردوودا کاریگەری گەورەی ھەبووە لەسەر رەوشی مرۆیی لە عێراق و ھۆشدارییان داوە لە چۆنیەتی بەکارھێنانی ئاو لە وەرزی ھاوین و زستانی ئەمساڵ، ھەموو ھۆکارەکانیشیان لەبەرچاوگرتووەو بە پێی وەرزی کشتوکاڵی پلانیان داناوە.