ھاتوچۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢
ڕەوەند ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی بە ماڵپەری ھاتووچۆی سلێمانی راگەیاند، ھیچ کۆمپانیایەک بۆی نیە گرێبەستی ئەلیکترۆنی لەدەرەوەی کۆمپانیاکانی خۆیان بکەن.
دەشڵێت "ئەو کۆمپانیانەی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆیان ھەیە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی ئەلکترۆنی پێویستە لەناو بارەگاکانی خۆیان کاری رێکخستنی گرێبەستی ئەلکترۆنی بکەن، واتا نابێت لەدەرەوەی کۆمپانیا گرێبەستەکە ئەنجام بدرێت."
بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە ھاتوچۆی سلێمانی ڕاشیگەیاند ھەندێک لە کۆمپانیا و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کارمەندی خۆیان دەنێرنە دەرەوە بۆ دەرکردنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆ شۆفێران، دەڵێت ئەمە نایاساییە و ھەر لایەنێک ئەم کارە بکات ڕوبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەو وتیشی " لەماوەی رابردوودا تێبینی ئەوە کراوە لەبەردەم بەڕێوبەرایەتیمان چەندین کەس وەک (شۆفێری تاکسی و ماتۆڕ و دوکاندار و دەست گێڕ) بینراون کە ھەریەکەیان کار بۆ کۆمپانیا یاخود پێشانگایەک دەکەن بەڵگەکان لەھاوڵاتیان وەردەگرن و لەڕێگەی ڤایبەر دەینێرن بۆکۆمپانیاکە یاخود خۆیان دەیبەن بەمەبەستی گرێبەستی ئەلکترۆنی بۆئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان کەئەمەش پێچەوانەی یاساو ڕێنماییەکانە تایبەت بە گرێبەستی ئەلکترۆنی."