کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە ڕایگەیاند، لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە تورکیا، بۆ ماوەی دوو مانگ کرێی کارەبای ماڵەکەی نەداوە، بۆیە حکومەتی تورکیا کارەبای ماڵەکەی بڕیوە.

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تویتەرەکەی خۆی بڵاویکردووەتەوە، کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵو دەڵێت "وزە مافێکی بنەڕەتی ھەر مرۆڤێکە. ویستم ببم بە دەنگی ئەوانەی کە توانای دابینکردنی کرێی کارەبایان نییە."

کڵیچدار ئۆغڵو لە مانگی دووی ئەمساڵ ڕایگەیاند چیدیکە پارەی کرێی کارەبا نادات و داوایکرد نرخی شتومەک لە تورکیا ، کە بەھۆی دابەزینی بەھای لیرە زۆر زیادیکردووە، بگەڕێتەوە ئاستی پێشووتری.

سەرۆکی جەھەپە دەڵێت، لەلایەن ھاوسەرەکەم ئاگادار کرام کە کارەبای ماڵەکەم لە ئەنقەرە بڕاوە و لەلایەن حکومەتی تورکیا کارەبای لەسەر کوژاندوونەتەوە.

بە وتەی سەرۆکی جەھەپە، لە ماوەی سێ ساڵدا کرێی کارەبا لە وڵاتی تورکیا بە ڕێژەی سەدا ٤٠٠ زیادیکردووە و تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا بە ڕێژەی سەدا ١٢٥ کرێی کارەبا بەرزبووەتەوە.