ئەو کارمەندە قسەی بۆ کوردسات نیوز کرد نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ڕایگەیاند سەعات ٢:٥٠ خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی ژنەکەیان ھێناوەتە نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری ھەولێر و بەپێی زانیارییەکان "سەری بڕدرابوو."

بە وتەی ئەو کارمەندی نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری ھەولێر، ئافرەتەکە تەمەنی لە ٣٥ ساڵ زیاترە و دایکی چوار منداڵە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر پشتڕاستیکردەوە، ژنەکە لەلایەن هاوسەرکەیەوە لەسەر کێشەی خێزانی بە چەقۆ کوژراوە.

ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی ئافرەتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند ناوی " کوێستان پیرۆت خدر"ە، دەشڵێت تۆمەتبارەکە کە هاوسەری ژنەکەیە دەستگیرکراوە.

بە وتەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ دەستگیرکراوە.

بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، ئەو کەسە ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ ببێتەوە سزا دەدرێت بە "لەناو بردن (اعدام)" یاخود زیندانی هەتا هەتایی.