عەباس فەتاح: بەتەنھا لایەنێک ناتوانێت غازی کوردستان بفرۆشێت
کوردسات نیوز
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢
عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، فرۆشتنی غازی ھەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نییە و پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ئەو ھەڵەیانەی لە فرۆشتنی نەوت کرا نابێت لە فرۆشتنی غاز دووبارە بکرێتەوە و باری ھاوڵاتیان و مووچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان قورستر بکرێت.
وتیشی، پێش فرۆشتنی غاز پێویستە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە، چونکە ئەم کارە بە سەردانی کەسێک بۆ وڵاتان ناکرێت و تا رەزامەندی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی لەسەر نەبێت ناتوانرێت غازی کوردستان ھەناردە بکرێت، چونکە بە تەنھا لایەنێک ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشە و کەموکوڕی و ناشەفافی زۆر ھەیە لە گرێبەستییە نەوتییەکاندا و نابێت لە گرێبەستی غازدا دوو بارە بکرێنەوە و دەبێت گرێبەستەکان شەفاف بن و داھاتەکەی بۆ ھاوڵاتیان بێت.
لە بارەی داھاتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، "من پێم وایە ئەگەر داھاتی نەوت و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بە شەفافی کۆبکرێتەوە کێشەی مووچە و خزمەتگوزرای لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت".