سەرۆکایەتی زانکۆی دھۆک ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەشە ناوخۆییەک بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢
سەرۆکایەتی زانکۆی دھۆک لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو بەشە ناوخۆییەی کە گوایە، نھۆمی یەکەم و دووەمی کافێیە و قوماری تێدادەکرێت ڕایگەیاند، نھۆمەکانی ئەو بەشە ناوخۆییەی باسکراوە ھەرچی بێت پەیوەندی بە شوێنی نیشتەجێبونی خوێندکارانەوە نییە، ئەو داواکارییەی لەو بارەیەوە لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە بڵاوکراوەتەوە، بێ بنەمایە و ھێچ ڕاستیەکی نییە، ئەو بەشە ناوخۆییە لە بینایەکی مۆدێرنایە و شوێنەکەشی زۆر گونجاوە بۆ خوێندکاران و ھیچ جارێک خوێندکاران گلەییان نەکردووە.
لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا ھاتووە، زانکۆی دھۆک دوو نھۆمی سەرەوەی ئەو بینایەی بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خوێندکاران کڕیوە، کە ٩٩ خوێندکاری تێدایە و دەرگای ئەو خوێندکارانە جیایە لە دەرگای نھۆمی یەکەم و دووەم، ئەو شوێنانە مۆڵەتدراون نە مەیخانەن و نە قومارخانەن، ھەرشتێکیش بێت ھیچ پەیوەندی بە شوێنی مانەوەی خوێندکارانەوە نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر"ھەڵز ئەحمەد" پەرلەمانتاری کوردستان لە یاداشتێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەو باڵەخانەیە کە تایبەت بە بەشە ناوخۆیی خوێندکاران، قوماری تێدا دەکرێت.