کاروان ئەنوەر: ئێستا عێراق لە پێش ھەرێمی کوردستانەوەیە
کوردسات نیوز
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢
کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەشداریکردنی بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ئەوەی وایکردووە بەوشێوازە لە راپۆرتەکە باس لە ھەرێمی کوردستان بکرێت لەبارەی نەبوونی ئازادی رادەربڕینەوە، کەیسی دەستگیکراوانی بادینان بووە و لە راپۆرتەکەشدا زۆر بەوردی باسکراوە، کە خەڵکانێک لەسەر ئازادی رادەبڕین گیراون و ئەشکەنجەدراون و تۆمەتیشیان بۆ دروستکراوە و شەرمە بەو شێوەیە ھەرێمی کوردستان پاشەکشێی کردووە.
وتیشی، لە رووی ئازادی رادەبڕینەوە ئێستا عێراق زۆر لە پێش ھەرێمی کوردستانەوەیە، چونکە ئەوان بە یەکجار ٨٠ کەسیان نەگرتووە و سزایان بدەن لەبەر ئەوەی رای خۆی دەربڕیوە یان لایکی پۆستێکی کردووە و راپۆرتەکەش زیاتر تیشکی خستووەتە سەر ھەولێر و بادینان و بە ئاشکرا باسی دادگای ھەولێر دەکات و ھەرەرھا لە روماڵکاندا جیاکاری لە نێوان دەزگاکانی راگەیاندا دەکرێت.
کاروان ئەنوەر ئاشکراشیکرد، بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە پاشەکشێیەکی زۆر ترسناکدایە لە رووی ئازادی رادەربڕین و ئازادی بڵاوکردنەوە و خۆپیشاندان، کە لەسەرجەم راپۆرتەکانیش تیشکخراوەتە سەر ھەولێر و دھۆک، بەڵام پریشکەکەشی بەر سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین کەوتووە.



