وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی دووەم سەربازی وڵاتەکەی راگەیاند
کوردسات نیوز
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئەفسەرێک بە پلەی مولازم لە ئۆپراسیۆنی "کلیل چنگ" لە ئەنجامی ھێرشێکی مووشەکی کوژراوە، ئەوەش دەبێتە دووەمین سەربازی تورکیا کە لەو ئۆپراسیۆنەدا کوژراوە، وتیشی ئۆپراسیۆنەکە بە ھاوکاری ھێزی ئاسمانی تورکیا بەردەوامە.
بەڵام ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە رایگەیاندووە، لە وەڵامی ھێرشەکانی تورکیا لە ماوەی ٣ رۆژدا، ٨٧ سەربازی تورکیا لە مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و کوڕەژارۆ کوژراون و ١٥ سەربازیشیان بریندارن، راشیانگەیاند لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردووا ٢ درۆن خراونەتەخوارەوە.
ھاوکات "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، ئامانجی ئۆپراسیۆنی کلیل چنگ بۆ پاراستن و یەکگرتوویی عێراقە و چاویان لە داگیرکردنی خاکی عێراق نییە.