ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە رایگەیاند، لە وەڵامی ھێرشەکانی تورکیا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٤١ سەربازی تورکیا لە زاپ و ئاڤاشین کوژراون و ٥ سەربازیشیان بریندارن و ٢ درۆنیش خراونەتەخوارەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو ژمارە کوژراوەی تورکیا ٦یان سەربازی پلە باڵان. 

ھەپەگە راشیگەیاندووە، لە شەڕەکاندا ٥ گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دواتر ناسنامەکانیان ئاشکرا دەکرێت.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، سەربازانی تورکیا توانیویانە کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن. سوپای تورکیا باسی لەوەشکردووە تا ئێستا ١٩ گەریلا گیانیان لەدەستداوە.

تورکیا لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەوە ھێرشی سەربازی بۆسەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش بە توندی دەستیکردووە بە تۆپبارانکردن و بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە و سەربازێکی زۆری ڕەوانە کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان لە کۆمەڵگەی دووگۆر و داوای لێکردن سەربازگەکە ڕادەست بکەن، بەڵام ئاسایشی ئێزیدخان داواکەی ڕەتکردەوە و دواتر سوپای عێراق ھێرشیکردە سەر ئاسایشی ئێزیدخان و بەوھۆیەوە پێکدادان دروستبوو و ماوەی دوو سەعات بەردەوام بوو.