بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کوردانی ئێزیدی دەکات
کوردسات نیوز
١٩ی نیسانی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی چوارشەممەی سوور لە ئێزیدییەکان دەکات و دەڵێت "ھیوادارم جەژنی ئەمساڵ سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییھاتنی سەرجەم ئازار و نەھامەتییەکانی ئەو پێکھاتە گرنگەی کوردستان."
پێشتریش مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدی کە بە "چوارشەممەی سوور" ناسراوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند پێویستە ھەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێ بوون خێراتر بکرێت و کوردانی ئێزدی بەشدارییان پێبکرێت لە ئیدارەدانی ناوچەکانی خۆیاندا.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خوشک و برا ئێزدییەکانی کوردستان و عیراق و جیھان دەکەین، " بۆ رەوینەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئێزدییەکان، پێویستە پێش ھەموو شتێک گشت ھەوڵەکان کارا بکرێن بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لە شەنگال و ناوچەکانی تر فڕێنران چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت."
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
جەژنی چوارشەممەی سوور لە ھەموو خوشک و برا ئێزیدییەکانمان پیرۆزبێت.
ھیوادارم جەژنی ئەمساڵ سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییھاتنی سەرجەم ئازار و نەھامەتییەکانی ئەو پێکھاتە گرنگەی کوردستان. ئاساییبوونەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەیان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٩ی نیسانی ٢٠٢٢