کۆمکاری عەرەبی: ھێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە
کوردسات نیوز
١٩ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، بەردەوامی ھێرشەکانی سوپای تورکیا کە لەژێر ناوی چنگی-قفڵ لە ھەرێمی کوردستان دەستدرێژییەکی بێپاساوە بۆسەر سەروەری خاکی عێراق.
ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ھێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەشڵێت، ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا، گرژییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە زیاتر دەکات، بۆیە داوا دەکەن تورکیا دەستھەڵگرێت لەو جۆرە رەفتارانە و رێز لە سەروەری عێراق و بنەمای دراوسێیەتی بگرێت.
تورکیا لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەوە ھێرشی سەربازی بۆسەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمیش بە توندی دەستیکردووە بە تۆپبارانکردن و بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە و سەربازێکی زۆری ڕەوانە کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان لە کۆمەڵگەی دووگۆر و داوای لێکردن سەربازگەکە ڕادەست بکەن، بەڵام ئاسایشی ئێزیدخان داواکەی ڕەتکردەوە و دواتر سوپای عێراق ھێرشیکردە سەر ئاسایشی ئێزیدخان و بەوھۆیەوە پێکدادان دروستبوو و ماوەی دوو سەعات بەردەوام بوو.