سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ١٠ دۆسێی بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە ھەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرد و دواتریش دۆسێکان رەوانەی لیژنەی ھاوبەشی دەستور و دادی پەرلەمان کران تاکو کاریان لەسەر بکرێت.

یەکێک لەو پەرلەمانتارانەشی دۆسێیەکی لەسەر کراوەتەوە، میتحات سانجار ھاوسەرۆکی ھەدەپەیە.

لە ئێستادا دەیان دۆسێ بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە پەرلەمانە و دواین پەرلەمانتاری ئەو حزبەش پارێزبەندی لێوەرگیرابێتەوە سەمرا گویزەل بوو.

پێشتر و لە ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ دادگای دەستوری تورکیا دۆسێنامەی داخستنی ھەدەپەی پەسەند کرد کە لەلایەن داواکاری گشتی کوماریی تورکیاوە ئامادە کرابوو، مانگی تەموز دادگاکە بە رەسمی مۆڵەتی سێ مانگی بە ھەدەپە دا بۆئەوەی بەرگرینامەکەی پێشکەش بکات.

لە دۆسێکەدا کە لە ٨٤٣ لاپەڕە پێکھاتووە، داوا کراوە چالاکی سیاسیی لە ٤٥١ بەرپرس و ئەندامی ھەدەپە قەدەغە بکرێت و پارتەکەش بە تەواوی دابخرێت.