ئاسایشی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی شەش کەسی ڕاگەیاند و دەڵێت چواریان خەڵکی سووریان و دووانەکەی دیکەش کوردن.

دوو تۆمەتبارە کوردەکە بڕی ٢٠٠ ھەزار دیناری ساختەیان لە جۆری ٢٥ ھەزاری پێبووە و ویستوویانە ساغی بکەنەوە و چوار کەسەکەی دیکەش ھەڵگری پێناسی باری شارستانی ساختەبون و بەپێی ماددەی (٢٨٩/٢٩٨) لە یاسایی سزادانی عێراقی و ماددەی (٢) ی تیرۆر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەشڵێت ھەر شەش تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی ڕاپەڕیندا ھاتووە " ھێزەکانمان دوای بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری ورد چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە بەڕەگەز سوری بوون و ھەر چواریان ھەڵگری پێناسی باری شارستانی ساختەبون."

ھەروەھا دەشڵێت "ھێزەکانمان لە بەشی بازگەکان لە (بازگەی قەمتەران)دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە بڕی (٢٠٠٫٠٠٠)دووسەد ھەزار دینار دراوی ساختەیان پێبووەلە جۆری (٢٥٫٠٠٠)بیستو پێنج ھەزاری،تۆمەتباران دانیشتووی سنورەکەن و ویستویانە لە ناوچەکەدا ساغی بکەنەوە،بە فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون بە ماددەی (٢٨١) لە (ی،س،ع)لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە."