یەکێتی: پێویستە کوردانی ئێزدی بەشدارییان پێبکرێت لە ئیدارەدانی ناوچەکانی خۆیاندا
کوردسات نیوز
١٩ی نیسانی ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی جەژنی "چوارشەممەی سوور" لە ئێزدییەکانی دەکات و دەڵێت پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خوشک و برا ئێزدییەکانی کوردستان و عیراق و جیھان دەکەین.
ھەر لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا ھاتووە " بۆ رەوینەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئێزدییەکان، پێویستە پێش ھەموو شتێک گشت ھەوڵەکان کارا بکرێن بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لە شەنگال و ناوچەکانی تر فڕێنران چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکە و گوندانەی ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێ بوون خێراتر بکەن و کوردانی ئێزدی قەرەبووی دارایی و مەعنەوی بکرێنەوە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:
بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی ئێزیدی (چوارشەممەی سوور)ەوە کە ھاوکاتە لەگەڵ وەرزی بەھار و ژیانەوە و نوێبوونەوەدا، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خوشک و برا ئێزدییەکانی کوردستان و عیراق و جیھان دەکەین.
ھەر لەم بۆنەیەدا جارێکی تر رایدەگەیەنین بۆ رەوینەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئێزدییەکان، پێویستە پێش ھەموو شتێک گشت ھەوڵەکان کارا بکرێن بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لە شەنگال و ناوچەکانی تر فڕێنران چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت. ھەروەھا ھەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکە و گوندانەی ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێ بوون خێراتر بکرێت تاکو لەو ژیانە کولەمەرگی و نیمچە دەستبەسەری و ماف زەوتکردنە رزگاریان ببێت، ئەم ئەرکەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندایە کە جگەلە قەرەبووکردنەوەی دارایی بۆ ئەو زیانە ماڵییانەی بەریان کەوتووە، قەرەبووی مەعنەویش بکرێنەوە بەوەی بەشدارییان پێبکرێت لە ئیدارەدانی ناوچەکانی خۆیاندا، بەمانەش دەتوانین مەینەتییەکانی ئەو چەند ساڵەیان ساڕێژ بکەین.
لە کۆتاییدا ھیوادارین ئەم جەژنە بێتە پتەوکردنی زیاتری گیانی پێکەوەژیانی نێوان ئێزدییەکان و گشت ئاینزاکانی تر لەعێراق و کوردستاندا.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان