سەرچاوەیەکی ئاسایش بە میدیاکانی رۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاند سێ ژن لە کامپی ھۆل کوژراون یەکێکیان عێراقییە و ناسنامەی دوانەکەی دیکە نەزانراوە.

بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوەیەک ژنە عێراقییەکە ناوی "سورەیە عەواد عوێد"ە و ھەرسێکیان یەکی دوو گوللـە بەسەریانەوەیە.

سەرچاوەکە دەڵێت، تاوانەکە لەلایەن ئەو شانانەی داعشەوە ئەنجامدراوە کە لەناو کامپەکەدا ھەن، ئەوانە ھەوڵدەدەن بیروباوەڕی داعش لەکەمپەکەدا بچەسپێنن و ھەر ھەوڵێک بۆ لادان لێیان و وەستانەوە لەبەرامبەریان ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کامپی ھۆل بڵاوکراونەتەوە، لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەوە نۆیەم تاوانی لەو شێوەیەیە ئەنجامبدرێت کە قوربانییەکان عێراقی و سووری و بیانی بووبن.