بە پێی زانیارییەکان بەیانی ئەمڕۆ، سوپای عێراق ھێزێکی زۆری ناردووەتە گەلی شیلۆ و سکنێ، کە دەکەونە سنووری ھێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و ڕێگری دەکەن لە ھاووڵاتیانی ئێزدی کە ئەمڕۆ عارفەی جەژنی چوارشەممە سورە بچنە سەر گۆرستانەکانیان لە بنای چیای شەنگال.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سوپای عێراق ھەڵیکوتایە سەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان لە کۆمەڵگەی دووگۆر و داوای لێکردن سەربازگەکە ڕادەست بکەن، بەڵام ئاسایشی ئێزیدخان داواکەی ڕەتکردەوە و دواتر سوپای عێراق ھێرشیکردە سەر ئاسایشی ئێزیدخان و بەوھۆیەوە پێکدادان دروستبوو و ماوەی دوو سەعات بەردەوام بوو.

ئەو ھێرشەی سوپای عێراق ھاوکاتە لەگەڵ ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی خاکی ھەرێمی کوردستان و دەوترێت عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ھێرشی فراوان بۆ سەر شەنگال.