وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، سەربازێکیان بە پلەی مولازم لە میانی ھێرشی سەربازیی "کلیلی چنگ" لە ھەرێمی کوردستان کوژراوە، کە یەکەمین سەربازیانە لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکەوە بکوژرێت.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو سەربازە دوای برینداربوونی بەھۆی تەقینەوەی بۆمبی دەستیەوە، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاشیگەیاند، ھێرشە سەربازییەکەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەردەوامە و ھێرشەکە بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ داندراوە.

لە بەرامبەردا ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ سوپای تورکیا لە زاپ و ئاڤاشین، ٤٤ سەربازی تورکیا کوژراون و نۆ سەربازی تریش بریندار بوون، دوو ھێلیکۆپتەری سوپای تورکیاشیان خستووەتە خوارەوە.