تورکیا: بە ھاوکاری دۆستەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی نوێمان لە ھەرێم دەستپێکردووە
کوردسات نیوز
١٨ی نیسانی ٢٠٢٢
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە نوێترین راگەیەنراویدا ئاشکرایکرد، بە ھاوکاری دۆستەکانیان ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆسەر ناوچەکانی "مەتینا و زاب و ئاڤاشین و باسیان" لە ھەرێم دەستپێکردووە و تەنھا چەکی تورکیا بەکاردەھێنن و زیانی گەورەش لە پەکەکە دراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ "خڵوسی ئاکار" وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە رێگەی ھێزی ئاسمانی و وشکانییەوە دەستپێکردووە و ئەو ئامانجانەشی لە قۆناغی یەکەمدا دیاریکرابوون بەدیھاتوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیا، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەڕاسیۆنەکە دەکات.
لە بەرامبەردا ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) راگەیەندراوێکی تری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە روبەڕوبونەوەیەکدا ٢٨ سەربازی تورکیا لە زاپ و ئاڤاشین کوژران و ٩ سەربازی تریش برینداربوون و دوو ھێلیکۆپتەری سوپای تورکیاشیان خستووەتەخوارەوە.